- Advertisement -

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی – پاسۆک-


گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارە ١-١٦/ چاپی٢٠٢٢


ھەڵۆ بەرزنجەیی


پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، ئەبێ کورد بین
چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە
ئاڵای سووری کوردایەتی

ژمارە – ٥ – حوزەیرانی ١٩٨١/ جۆزەردانی ٢٥٩٣ نرخی بە پێی توانایە
ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی – پاسۆک-…

بۆیەکەم جارە نرخ لەسەر بڵاوکراوەیەکی پاسۆک بەرچاو دەکەوێت.. دەبێت باری ئابوری زۆر لە ژێر سفرەوە بوو بێت..
لەگەشتەکەماندا گەیشتووینەتە ژمارە پێنج کە ١١ بابەتی لە خۆ گرتووە..
ئەم جارەش خوێنەر بەسەر کۆپلە شیعرێکی پڕ مانادا دەکەوێ…
یەکەم ھەنگاوی بەرەوژوور، بۆ لوتکەی بەرز بۆ لوتکەی دوور، ئەژنۆی ڕۆیشتن.. ئەلەرزێنێ، بەڵام ئەڕۆین.. چونکە ئەسپی، شەھیدانی لوتکەی بێ سوار، بەسەرماندا..

کوردیش شۆڕشەکەی خوێناوییەی ھەزاران قوربانی لەپێناوی ئامانجی سەربەخۆییدا داوە.. تا نەگاتە دوا ئامانج دەستبەرداری خەبات نابێ،

دەحیلێنێ!.ناپلیۆن دەڵێ: ” نەتەوەیەک ئاڵای ئازادی و یەکێتی بشەکێتەوە ھیچ کاتێ نانەوێ”. کوردیش شۆڕشەکەی خوێناوییەی ھەزاران قوربانی لەپێناوی ئامانجی سەربەخۆییدا داوە.. تا نەگاتە دوا ئامانج دەستبەرداری خەبات نابێ، ھەر ناشتوانێ بوەستێ چونکە لافاوی خوێنی شەھیدانی ڕایدەماڵێ!..
خاوەنی ئەم شیعرە کێیە دیار نییە ! .. ئێمە دەزانین شیعر تا ئیمڕۆش چەندە کاریگەریی لەنێو پانتایی رۆشنبیریی کوردیدا ھەبووە و ھەیە. شیعر وەک چەکی بەرگریش لەمێژووی گەلاندا بەکارھاتووە و شیعر مێژوویەکی پرشنگداری ھەیە، لە جۆشوخرۆش بەخشینە جەماوەر . تەلیسمی شیعر لەوەدایە زوو بەزوو دەگاتە خەڵکی و مانای خۆی بەدەستەوە دەدات.. ئەم بژێوییەش گەر بارگاوی بێت بە پرسگەلێکی فیکری و فەلسەفی و نەتەوەیی و سیاسی زوو بە دڵەوە دەنووسێ و جێ پەنجەی خۆی لەسەر رووداو و بابەتەکان دیاری دەکات..فەیلەسووفی ئەڵمانی کانت لە پێناسەیەکی شیعردا دەڵێ:” شیعری باش ئامڕازێکی بڕندەیە بۆ چالاک کردنی مێشک”.

دواتر سەروتاری ئەم جارە لە گۆمی خوێنی ڕووداوە دڵتەزێنەکانی مانگی حوزەیران ھەڵکێشراوە و بەناونیشانی[[ لە گۆمی خوێنی حوزەیراندا، ئازادی و یەکسانی گزنگ دەدات]].. وتارێکی تێروتەسەل لە وڵایی مێژوەوە زۆر لە ڕووداوەکانی ئەم ھەیڤە خوێناوییەی لە کوردستاندا بەسەر کردۆتەوە..[ کورد “سیزیفی” چارەنووسی مرۆڤایەتییە لە بەرەنگاربوونەوەی نەھامەتی و کۆسپ و لەوێردا]]..


داگیرکەران چەند بەھێزی سەربازی و سیاسەتی کولتووریی و ئابووری شەڕی کوردیان کردووە، زۆر ھێزی تری گۆڕەپانەکە بەدروشمگەلی چەواشەکارانە و فریودان، ھەوڵیان داوە، ئامانجی راست و رەوانی رزگاری سەربەخۆیی لە کورد بگۆڕن و کورد لەم جۆرە خەباتە دوور بخەنەوە! بەئەندازەیەک تاکێکی کورد پێی شەرم بێت، بڵێ کوردم و کوردستانیم و دەمەوێ وەک ئێوە و ھەموو تاکە ئازادەکانی دیکەی ئەم جیھانە بژیم!.. ئەوەی ئەوان لە ئێمەی داوا دەکەن برایەتی گەلان بەس خۆیان سەردەست و خاوەنی دەوڵەت و ناسنامە و ھەموو دامودەزگا و ئاڵا و زمانی فەرمی بن!

نۆرە دێتە سەر [[ قوتابخانەی پاسۆک]] و ئەوەی ئەم جارە تێیدا دەخوێندرێت[[ وانەی پێنجەم]] کە بریتییە لە دروشمێکی ناوەندیی و کۆڵەکەیەکی فیکریی و لۆگۆیەکی سەر ھەموو ئۆرگانەکانی پاسۆک[[ بۆ ” پێش ئەوەی ھەر شتێ بین .. دەبێ کورد بین”؟]]…
لەبەرانبەر ئەو ھەموو بیر و ئایدۆلۆژیا و مەزھەبانەی ھێندرانە کوردستانەوە و زۆربەشیان تا سەر ئێسک نامۆ بوون بە واقعی کوردی و جێیان لە فەرھەنگی کوردیدا نابێتەوە.. بە شێوازی جیاجیا و بە زۆردارەکی سەپێندران..


عەرەبێکی کۆمۆنیست و چەپ بەشانازییەوە شەڕی داگیرکەرانی وڵاتەکەی دەکات و باسی برایەتی گەلانیش ھەرگیز ھیچ لە ئارادا نییە!..


گرفتی بنەڕەتی لەوەدا خۆی دەنوێنێ بەشی زۆری ئەم بیرکردنەوانانە تاکی کوردیان ھێناوەتە ئاستی خۆلەبیرچوونەوە و خانەی کۆسمۆپۆلێتێتی.. لەدواجاردا کورد تاکێک و سەدان و ھەزارانی لەدەست داوە، داگیرکەرانی کوردستان سوودیان لەم سەرلێشێواویی و شپرزەییە فیکرییە وەرگرتووە.. بۆیە دەبینین ھەڵگرانی ئەم بیر و ڕێبازە تەواو جیاوازن لە ھی میللەتانی سەردەست!!..
عەرەبێکی کۆمۆنیست و چەپ بەشانازییەوە شەڕی داگیرکەرانی وڵاتەکەی دەکات و باسی برایەتی گەلانیش ھەرگیز ھیچ لە ئارادا نییە!.. قەت نەبیستراوە و نەبینراوە پارتێکی چەپی فەلەستینی/ عەرەبی ھەڵگری دروشمی برایەتی بێت لەگەڵ ئیسرائلییەکان دا… نازیم حکمەت شیعری بۆ ھەموو میللەتان و دەوڵەتانی ئاسیا و ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتینی وت، کەچی ئاوڕێکی لە کورد نەدایەوە..
ناوەندە فەرمیی و رێکخراوە فەرمییەکانی جیھانی ئیسلامی، ھەر بزاڤێک دژ بە ئیسرائیل بکرێ، چەپیش بیکات بە ڕەوا و بە شۆڕشگێریی لە قەڵەم دەدەن، کەچی ھی کورد بەدەستی ئیسرائیل و چەپی کافر و لادەر دەدەنە قەڵەم فەتوای لەناوبردنی دەدەن و دەچنە سەنگەری دەسەڵاتی ناوەندی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە و کوردکوژی ئەنجام دەدەن..

ئا لەم دیدەوە ئەم دروشمەی پێش ھەر شتێ بین دەبێ کورد بین ھاتۆتە دنیاوە… بەواتای ئەوەی رێگریی لەھیچ بیر و ڕێبازێک ناگری و دژیشی ڕاناوەستین ئەگەر بێت کوردبوون نەکاتە قوربانی دروشمە نەزۆکەکانی و کوردیش وەک میللەتانی تری جیھان ، بۆ سوود و قازانجی نەتەوە و نیشتمانی خۆی سوود لەو بیرە دەرەکییانە وەرگرێ و بەکاریان بھێنێ!. ئەوەیشی بچووکە و کوردبوونی پێ شەرم و کەمە، با باشتر و ڕوونتر سەیری جیھان بکات و بیر لە خۆی بکاتەوە.

پەشێو لەم ژمارەشدا ئامادەیی ھەیە، ئاخر شیعرەکانی لە کورتترین وێنەدا مانا و بەھاکانی بیرۆکەیەکی نەتەوەیی دەوڵەمەند و زیندوویی لە خۆ گرتووە.. لەمەش زیاتر ئاڵای سووری کوردایەتی ھەواری راستەقینەی بیر و رۆشنبیریی نەتەوەیی بووە ھەر بۆیە شیعرگەلی لەم چەشنە نامۆ نییە بە لاپەڕەکانی..

[[بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]] ناونیشانی سەروتارێکی ترە کە بەرەو ڕووی ھاووڵاتیەکەم و ھاونەتەوەکەم … ھتد کراوە..
دیارە ئەم بانگەشەش ڕەنگدانەوەی دۆخی ئاڵۆز و سەخت و پڕ لە گیروگرفتی نەتەوە و پەیوەندی نائاسایی نێوان حیزبەکانە..
شیعرێکی تری مەلا محەمەدی کۆیە [[لە کەلەپووری شۆڕشگێڕیمان]] بەرچاو دەکەوێ ، کە ناوەڕۆکەکەی نزیک و تەواوکەری ناوەڕۆکی وتاری بانگەکەی لەسەنگەری پاسۆکەوە…

[[شادەمارە سەرەتاکانمان]].. بریتییە [[ دژی خۆبەستنەوەین بە ھەر بەرەیەکی دەوڵەتییەوە، مەگەر بەرژەوەندی بەرزی کوردی تێدا بێت و مەترسی بۆ سەر ئازادی و سەربەخۆیی کوردی تێدا نەبێت]]..

بابەتەکە زۆر زرنگانە شی کراوەتەوە لەبەر رۆشنایی ریال پۆلەتیکی لە دنیادا بەرقەرار بووە و تا ئێستا لە ڕەوتی خۆی نەکەتووە.. سیاسەتی ناوخۆی وڵاتان رێکخستنی شێوەی ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک. مەودایەکی تایبەتە بە خودی گەلان و دەوڵەتان لێ سیاسەتی دەرەکی وەک وتارەکە ئاماژەی پێداوە بریتییە لە [[ پاراستن و پارێزگاری بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەکان بەپێی یاسا و دەستووری نێودەوڵەتان]].. ئەم سیاسەتە گەر رەواش بێت بۆ زۆر دەوڵەت نابەجێ و پڕ لەشەرمەزارییە، چونکە بەرژەوەندیتەکان گلاو و چاوچنۆکانە لەسەر ھەژماری میللەتانی دیکەیە.. بۆیە وەک وتارەکە ئاماژەی پێداوە[[ مەگەر بۆ ئارایشکردن و تیفتیفەدانی خرابێت وبخرێتە بەر تیشک و پێویستییەکانی دروشم و ڕواڵەتی ” دادپەروەری” و ” مرۆڤاتەتی” و ” ڕەوشتی مرۆڤانە” ” ئازادیخوازی” و” پێشکەوتن ” و ” ھاوکاری و بەرژەوەندی نێو گەلان” و لەم بابەتانە!]]..
راستە کەوا [[ بەرژەوەندی و سوودی گشتی گەلان لە ھاوکاری و لێک تێگەیشتن و مامەڵەی بەرانبەری و ھاوسانیدایە]].. بەڵام ھێزە ئەھریمەنەکان و ئەوانە باڵادەستن کەمتر بەدووی ئەم ھەقیقەتەوەن و کەموزۆر نامۆاڵانە و بەرژەوەندی تەسک بڕیاریان پێ دەدات..
ئەو دەم دووبەرە لەئارادا بووە، بەرەی سەرمایەداری بە ناوەڕۆکێکی ئازادیخوازی و دیموکراسی بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا و دژی دیکتاتۆری و کپکردن و نەفەسبڕژردن و پێشێلکردنی مرۆڤ کە بەرەی ئەو رابەراتەتی دەژرد.. بەرەی پێشکەوتنخواز و بەسەرۆکایەتی شورەوی.. دژی سەرمایەداری و چەوساندنەوە و ئیمپریالیزم خۆی دەنواند.. بسمارک دەڵێ:” لە سیاسەتی دەرەوەدا هەست و سۆز و بەزەیی نییە، بەڵکو بەرژەوەندی بەرابەری و بۆ وەرگرتنی ئاڕاستەکان هەیە”.

پاسۆک بەردەوام وەک سیاسەتێکی نەگۆڕی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کورد دۆستی بەرژەوەندی خۆی بێت و ھەرگیز دژی ئازادی گەلان نەوەستینەوە و بایی ئەرکی مۆڕاڵی سەرشانمان لەبەرەی گەلان و ئازادیخوازان و چەوساوە و مرۆڤدۆستەکاندا بین و بەشداری بکەین لە بنیاتنانی ئەم رۆحییەتە گرنگە بۆ ئایندەیەکی بەختەوەرتر بۆ مرۆڤایەتی . وتارەکە و شرۆڤە بابەتییەکەی ٩ لاپەڕەی ئەم گۆڤارە ھەژارەی بۆ تەرخان کراوە!.. ئەمەش بەڵگەی گرنگیتێگەیشتن و کارکردنە بەو شادەمارە و دروشمە!.. بە کورتی باسە جۆراوجۆرەکانی سەر شانۆی سیاسەتی جیھان و ئەو نمایشتانەی دەوڵەتان دەکەین ، زادەی لەدایک بوونی شادەماری ناوبراوی پاسۆکە…
پاشان لە لاپەڕەیەکی نوێدا دوو وتەی تاریک و دووی ڕوون لەسەر کورد لەم ژمارەدا ھێنراوەتەوە.. تاریک بەواتای ناحەزانەی دوژمنکارانە و روون دۆستانەی ھاوسۆزانەیە.
لە دوا لاپەڕەکان دا جارێکی تر شیعرێکی پەشێو سەرەڕێ خوێندنەوەمان لێ دەگرێ…شیعرەکە پڕاوپڕی رووداوە مێژوویەکانە.

تکایە
زۆر تکایە
بۆئەوەی مناڵی ئێمەش
بووکەشووشەیان دەستکەوێ
ـ وەکو ھەموو مباڵانی ئەم دنیایە-
فێریان کەن، ڕایان بێنن
تانک و تۆپی داگیرکەران
تێک بشکێنن
پەیامی ئەم شیعرە روون و ئاشکرایە، بۆیەکا زۆری لەسەر نانووسین.
ئەوجا بە کاوە بەرەو دادانەوەی پەردەی شانۆکە دەبینەوە یاخود ھەنگاو بەرەو وتاری [[ ماڵاوا]] کردن لەم ژمارەدا دەنێین.. وتارەکەش بەناوی [[ دەرەبەگایەتی نێو بزووتنەوەی کوردایەتی]… باسێکی قووڵ و فرە ڕەھەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی فیکرییە..

KDC

FREE
VIEW