- Advertisement -

ناوەندی تۆرۆنتۆ لەکەنەدا کۆبونەوەیەکی فراوانیان سازکرد

کۆنفرانسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا بەئامادەبونی نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و نوێنەری لایەنە کوردستانییەکان و ئەندامانی ناوەند بەسەرکەوتوی کۆتای هات

رۆژی یەکشەممە، رێککەوتی02.04.2023 بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی ڕەحیم ڕەشیدی نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا و کەنەدا ،كۆنفڕانسی ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی لە شاری تورۆنتۆ لە وڵاتی کەنەدا بەئامادەبونی ئەندامان و کەسایەتی کوردستانی لە وڵاتە بەسەركەوتوویی بەڕێوەچوو.

سەرەتای كۆنفڕانسەكە بە وەستانی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێكرد. دواتر سەرتیپ كاكەیی چالاكوانی كوردستانی وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و ئامادەبووان، ریزبەندی بەرنامەکەی خوێندەوە، پاشان رەحیم رەشیدی نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی سەبارەت بە دواین کارو پڕۆژەکانی کۆنفدراسیۆن وتەیەک پێشکەش کرد .

رەشیدی وێرای سوپاس و بەخێرهاتنی ئامادەبووان و هاوکاریەکانی ماڵی کورد، دەربارەی بەرنامەو پڕۆژە نەتەوەییەکانی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی، ئەمەریکای باکوور، ئەوروپاو رووسیا بە تایبەتی شیکردەوە و بایەخی ئەو هەنگاوەی لە گۆشە نیگای جیاوازەوە ڕونکردەوە ، و رایگەیاند کۆنفدراسیۆن بە ئامانجی کۆکردنەوەی کوردستانیان و یەکخستنی هێزو تواناکان لە پێناو خزمەت بە کوردستان دامەزراوە.

هەروەها نوێنەری کۆنفدراسیۆن پێداگیری لەوەکرد ،کە ناوەندی رەوەندی کوردستانی، وەک ناوەندێکی چڤاکی سەربەخۆ بۆ خزمەت بە دۆزی کوردستان کار دەکات، هاوکات ناوەندەکە هەوڵ دەدا کۆکەرەوەی زۆرترین رێژەی کوردستانیان بێ بۆ خزمەتی دۆزە ڕەواکەمان، لەم بوارەدا بە بەرنامەی زانستی و سەردەمیانە تێدەکۆشێ تا رەوەندەکەمان بەشێوەیەکی سەردەم کەڵک لە بوارو دەرفەتە یاساییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرێت، هەروەها لەو وڵاتانەدا کاراو چالاک بێت و ببێتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو ئەوانەی باوەریان بە پڕنسیپە نەتەوەییەکان هەیەو لەم پێوەندییەدا هێڵە گشتییەکانی کۆنفدراسیۆنی شیکردەوە ، کە باوەڕبوون بە ئاڵای کوردستان، پێشمەرگەو هێما نەتەوەییەکان و خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیی و تێکۆشانی ئاشتیخوازانە.

لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا ڕەشیدی تیشکی خستەسەر نەوەی دووهەم و سێهەمی كوردستانیان لە تاراوگە و هەوڵ دان کوردستانیان پتر لە ناوەندی و گرێچنی سیستەمی وڵاتانی رۆژئاوایی دا جێگای خۆیان بکەنەوەو تاکوو لەم رێگاوە باشترو بەربڵاوتر پشتوانی زۆرتر بۆ دۆزی رەوای کوردستان ساز بکەن. دواتر باسی دوا گەشتی دەستەی بەرێوەبەری کۆنفدراسیۆن بۆ کوردستان ولەم بارەوە ئاماژەی بە دیدار لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی کردو ئاماژەی بەوەدا کە جەنابیان داوای کردوە لە چوارچێوەی یاسای ئەو وڵاتانەدا تێبکۆشن و هەوڵ بدەن کوردایەتی بکەن و بۆ یەکریزی کوردستانیان کار بکەن و بایەخ بە لاوانی کوردستانی و هێزو تواناکانیان بدەن و رووحی کوردستانیان تێدا بەهێز بکەن.

دواتر د. فەریدوون رەحمانی مامۆستای زانکۆ و یەکەمین سەرۆکی ماڵی کورد لە تورۆنتۆو هەروەها ئەیبووب عەبدوڵاپووری چالاکوان لەسەر باشترکردنی کارو پڕۆژەکانی رەوەندی کوردستانی لە کەنەدا قسەیان کرد. دواتر چەتۆ وانی سەرۆکی ماڵی کورد داوای لە هەموو کوردسانیان کرد لەو قۆناغەدا دەست لە نێو دەست لە پێناوی کوردستان بە گشتیی و بۆ جۆشدانی شۆرشی ژینا بە تایبەتی پێکەوە تێبکۆشن.

بەشی کۆتای کۆنفرانسەکە لە کەشوهەوایەکی ئازادو دێموکراتدا ئامادەبووان دیدو پێشنیارو رەخنەکانی خۆیان هێنایە بەرباس و لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفیدراسیۆن بەرێزەوە وڵامی رەخنەکانی دایەوەو راگەیاند کە رەخنەو تێبینییەکان بە دڵسۆزی و لە پێناو گەشەدان بە کاری کۆنفدراسیۆن دەکات .

لە دواین برگەی کاری کۆنفرانسداو بە رەزامەندی سەرجەم ئامادەبووان لە هەڵبژاردنێکی ئازادو دێموکرات حەوت ئەندامی سەرەکی و سێ جێگر بۆ راپەراندنی کاروباری رەوەندی کوردستانی لە تورۆنتۆو دەورووبەری هەڵبژێردران و لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەری ناوەندی تورۆنتۆ کارو بەرپرسایەتییەکان بە پێی هەڵبژاردن و بە چاوەدێری راستەوخۆی رەحیم رەشیدی بەم جۆرە دیاری کران:

١. سەرتیپ کاکەیی – بەرپرسی ناوەند
٢. ئەیبووب عەبدوڵاپوور – جێگری بەرپرسی ناوەند
٣. ئەمیر موحەممەدی – بەرپرسی دارایی
٤. مێلودی قادەری – بەرپرسی پێوەندییە ناکوردستانییەکان
٥. عەلی ئێسحاقی – بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکان
٦. پەیام بابازادە – بەرپرسی ڕاگەیاندن
٧. ئەحمەد موحەممەدی – بەرپرسی رێکخستن و کاروباری گشتیی

هاوکات ئەم هەڤاڵانە وەکوو یاریدەدەری ناوەند دەستنیشانکران :

١. بەشیر سەنگاوی
٢. لالۆ عەبدی
٣. نەوزاد فاخری

جێی باسە جیا لە کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان، هاوکات نوێنەرانی سەرەکی پارتی دێموکراتی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە رێکخراوی حیزبی کۆمونیستی ئێران و سەرۆکایەتی ماڵی کورد لە تورنتۆ بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.

KDC

FREE
VIEW