- Advertisement -

ڕۆژی جیهانی پەنابەران و کۆچبەران

بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەگرتووەکان، ڕێژەی کۆچبەران لە جیهاندا بەهۆی شەڕ و توندوێژی و کارەساتە سروشتییەکان، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە، بۆ یەکەمین جار لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، ژمارەی کۆچبەران 100 ملیۆن کەسی تێپەراندووە.

لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنانەی کە وڵاتانی پیشەسازی و دەوڵەمەند دەیگرنەبەر بۆ ڕێگرتن لە کۆچبەران، بە تایبەت کۆچبەرانی نایاسایی، بەڵام وڵاتانی کەمدەرامەت دەرگایان کراوەیە بۆ کۆچبەران، ژمارەیەکی زۆر زیاتر کۆچبەر و ئاوارەیان لە خۆگرتووە.

بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی پەنابەران UNHCR ئەوە نیشان دەدەن، کە پاکستان بۆ نموونە 1.5 ملیۆن پەنابەر، تورکیا 3.8 ملیۆن و کۆلۆمبیا 1.8 ملیۆن پەنابەری وەرگرتووە، ئۆگەندا کە وڵاتێکی هەژاری ئەفریقایە، دەرگاکانی بەڕووی نزیکەی 1.5ملیۆن کەس کردۆتەوە، کە بەهۆی شەڕی چەکداری، یا وشکەساڵییەوە هەڵاتوون.

لە ئەوروپا، ئەڵمانیا تاکە وڵاتێکە کە ژمارەیەکی زۆری پەنابەری وەرگرتووە، کە زۆرینەیان سورین و نزیکن لەو ژمارەیەی، کە وڵاتانی هەژار وەریگرتووە و، بە 1.3 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، ئەمە تەنیا بەهۆی ئەو سیاسەتە مرۆییەی کە ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری پێشوو پەیڕەوی کرد و، دەرگای بەڕووی کۆچبەراندا کردەوە.

کۆمەڵەی گشتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی دوانزەی ساڵی 2000، بڕیاری دا کە 20ی مانگی شەشی هەموو ساڵێک ببێتە رۆژی جیهانیی پەنابەران. بۆ یەکەمجاریش لە 20ی مانگی شەشی ساڵی 2001، بە فەرمی لە سەرتاسەری جیهاندا یادی يئەم رۆژە کرایەوە.

بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی پەنابەران، ژمارەی ئاوارەکان تاکۆتایی ساڵی 2021بۆ زیاتر لە 90ملیۆن بەرزبۆتەوە، کە زۆربەی مللانێکان و توندوتیژی لە ئەسیوپیا و، بورکینا فاسۆ و میانمار و، نایجیریا و ئەفغانستان و، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ ئاوارەبوون، لەسەرەتای ساڵی 2022 بەهۆی ئۆپراسیۆنی داگیرکاری ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا، بە ملیۆنانی دیکە ئاوارەبوون.

ئەوروپییەکان لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئێستا بەم جۆرە ئاوارەیی و پەنابەرییان نەبینیوە، کە نزیکەی 6.5 ملیۆن ئۆکرانی ئەو وڵاتەیان جێهێشت و، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لە کاتێکدا پیاوان بۆ شەڕ لە ئۆکرانیا مابوونەوە، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات، کە ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی ئۆکرانیا تا کۆتایی ساڵ، بۆ 8.3 ملیۆن کەس بەرزبێتەوە.

سۆران حەسەن

KDC

FREE
VIEW