- Advertisement -

ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆن وێبنیارێکی بە ناونیشانی کاریگەری سۆشیالمیدیا لە سەر ئینتیمای نیشتمانی سازکرد

ئامادەکردنی: سۆران حەسەن

بەشی ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وێبنیارێکیان بە ناونیشانی (کاریگەری سۆشیالمیدیا لە سەر ئینتیمای نیشتمانی) بۆ هەر یەکە لە هەورامان عەلی جێگری سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و خاتوو ڕۆز دڵشاد ئەندازیاری تەکنەلۆژیای زانیاری ساز کرد، کەلە ئامادە کردن و پێشکەشکردنی خاتووشوعلە ڕەسوڵ بوو.

ئێوارەی شەممە ڕێکەوتی ٦ی ٤ی٢٠٢٤ بەشی ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەندی کوردستانی لە کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی ڕەوەندی کوردستانی و کەسایەتی سیاسیی و ڕۆشنبیرانی کوردستان، وێبنارێکیان لە سەر کاریگەری سۆشیالمیدیا و ئینتیمای نیشتمانی ڕێکخست.

تەوەری یەکەمی وێبینارەکە بۆ هەورامان عەلی لە سەر (ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی)، کە توانیویەتی کاری ڕاگەیاندنی لە ئاستی سۆشیالمیدیا بۆ خواستی ڕەوەندی کوردی بێت. لەم تەوەرەدا هەورامان عەلی کورتە باسێکی لە میدیای ئەمڕۆ کرد و بەشەکانی ڕوونکردەوە و ئامانج و پەیوەندی بە خەڵکەوە هەڵسەنگاند، کە لە ئاستی داواکارییان چییان کردووە و ئەو شێواز و میکانزیمانەی کاری لە سەر کراوە تا چەند لە ئاستی ئەو پێشەکەوتنانەی لە دنیای جیهانگیری دا ئەرکەکانی خۆی لە ئەستۆ گرتووە، ئەوەشی لە چەند خاڵێک ڕوون کردەوە .

خاڵێکی تری هۆشیاری گشتیی و ئەرکی ڕاگەیاندن لە گەیاندنی بابەتەکان، کە پەیوەستە بە پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان و لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕاگەیاندن ئامڕازێکە بۆ ئەو پەیوەندییە کۆمەڵاتییانە، کە دەبێت بە شێوەیەکی دروست بە کار بهێنرێت.

دواتر چووە نێو ناوەڕۆکی بابەتەکە و مێژووی دامەزراندنی ڕاگەیاندنی ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە و دواتر ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، هەر لە سەرەتاکانی دامەزراندن بۆ ئێستا و هەنگاوەکانی بەرەو پێشچوونی میدیای کۆنفدراسیۆن، کە خۆی لە دوو وێبسایت و چەند مەڵپەری سۆشیالمیدیا، کە بە ئەندازەیەکی زۆر باش لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی تر هاوسەنگی پاراستووە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پراکتیزەکردن، کە هەواڵی ڕەوەندی کوردستانییان بە ناوەوە و دەرەوە بگەیەنرێت
لە کۆتایی بابەتەکەی، تیشکی خستە سەر وێبینار و سیمینارەکان، کە لە ڕێی پڕۆگرامی زوم و لە کاتی پەتای کۆرۆنا کاریگەری زۆری لە سەر کۆکردنەوەی تاکی کورد لە دەرەوە و لێک نزیک بوونەوەی ڕەوەندی کوردستانییان کردووە، هەروەها پڕۆژەی فێربوون و خوێندنی زمانی کورد بە هەردوو دیالێکتی کرمانجی سەروو و خواروو، کە بە هاوکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆنفدراسیۆنەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیە و قوتابخانەیەکی فێربوونی زمانی کوردی بە ئۆنلایین بۆ منداڵانی کورد لە دەرەوە دروستبووە.

دواتر خاتوو رۆز دڵشاد محەمەد شاکر لە سەر (سۆشیال میدیا لە هزری تاکی کورد دا توانیویەتی باوەڕی نەتەوەیی بوون بەرجەستە بکات)؟ چۆن لە ڕێی سۆشیالمیدیاوە خزمەت بە ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی دەکرێت)؟

لەم تەوەرەدا خاتوو ڕۆز باسی لە سۆشیالمیدیای ئەمڕۆ کرد و ئامارێکی لە سەر بە کاربەرانی ئینتەرنێت و سۆشیالمیدیا لە سەر ئاستی هاووڵاتیان لە کوردستان، عێراق و جیهان خستەڕوو، دواتر سۆشیالمیدیای لە سەر ئاستی چینەکانی تاکی کورد شیکردەوە. بەشێکی تری باسەکەی کاردانەوەکانی سۆشیالمیدیا لەناو تاکی کورد و خاڵە بە هێز و لاوازەکانی، کە بە شێوەیەکی شیاو و نەشیاو لە لایەن بە کاربەرانەوە ڕوون کردەوە، هەروەها کاریگەرییەکانی لەناو تاکی کورد، کە گرفتی گەورەی هێناوەتە ئاراوە، تا ناوزڕاندنی کەسایەتییەکان و لاواز کردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی بردووە، لەم ڕوانگەیەوە خاڵە لاوازەکانی دیاری کرد و هەڵوەستەی لەسەر یەک بە یەکی خاڵەکان کرد و لە پاڵیشدا بیرۆکەی بۆ خزمەت کردن بە ئینتیمای نیشتمانیی و نەتەوەیی کرد، لەمبارەوە چالاکییەکانی ناو سۆشیالمیدیا و ڕێکخستنی کارەکان و چالاکییەکانی لە دەرەوەی سۆشیالمیدیا شرۆڤەکرد، هاوکات لە چەند خاڵێک دا چارەسەر و ڕێکارەکانی بۆ خزمەت کردن بە ئینتیمای نیشتمانیی ڕوونکردەوە.

لە کۆتایی باسەکەیدا، ڕێکخستنی چالاکییەکانی لە ڕێگای سۆشیالمیدیا و لە دەرەوەی ئەو بابەتە بە چەند خاڵێک ڕوون کردەوە، وەک گرتنەبەری ڕێکارەکان لەو بوارەدا بە چەند شێوازێک، کە خزمەت بە ئیتیمای نیشتمانیی و نەتەوەیی بکات، هەروەها کەموکوڕییەکانی لە سەر ئاستی تاک و کۆ لە بواری گەیاندنی پرسە نیشتمانی و کولتوورییەکان لە بواری سۆشیالمیدیا باس کرد و ڕێگا چارە جیاوازەکانی بۆ زیاتر ناساندنی نەتەوەی کورد بە جیهان خستەڕوو، کە تا ڕادەیەک وەک نەتەوەکانی تر ئەم کایە گرنگەش لە خزمەت کولتور و ناسنامەی نەتەوەیمان بێت.

جێی باسە، کات بە ئامادەبووان درا، کە سەرنج و تێبینییەکانیان لە ڕوانگەی خۆیان لە سەر کۆی بابەتەکە باس بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پرسیاریان وروژاند، کە لە کاتی دیارکراو وەڵام درانەوە و گفتوگۆکانیش چەند کاتژمێرکیان خایاند

KDC

FREE
VIEW