- Advertisement -

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەبۆنەی بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجەوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە


 
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بەبۆنەی ساڵوەگەڕی بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە بە چەکی ناپاڵم لەلایەن رژێمی فاشیستی بەعس، پەیامێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا هاتووە، تەنیا هۆکاری بۆردومانکردنی شارەکە، خۆپیشاندانی مەدەنیانەی هاووڵاتیانی ئەو شارەبووە، دژ بە بۆردومانکردنی قەڵادزێ، بەڵام رژێمی بەعس بە چەکی ناپاڵم وەڵامی داونەوەتەوە، هاوکات هیواخوازن چی دیکە گەلی کورد و کوردستان نەبنە ئامانجی چەکە قەدەغەکراوەکان و تاوانی نامرۆڤانەی دیکە.
 
دەقی پەیامەکە:
لە یادی 50 ساڵەی بۆمبارانکردنی ھەڵەبجەی شەھید، ساڵەکانی ڕۆژ پڕن لە یاد و بیرەوەری ناخۆش، پڕن لە کارەسات و مەینەتی و ماڵ وێرانی، ئەمڕۆش دیسان یادێکی تاڵی ئەو بیرەوەرییانەیە، کە بۆردمانکردنی ھەڵەبجەی شەھیدە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعسەوە بە چەکی ناپاڵم، لە کاتێکدا خەڵکی  شاری هەڵەبجە خۆپیشاندانێكی هێمنانە و مەدەنیانەیان ڕێکخستبوو وەك ناڕەزایی بەرانبەر بۆردومانی شاری قەڵادزێ، بەڵام وەڵامی ڕژێمی بەعس، بۆردومانی کوێرانەی شارەکە بوو بە بۆمبی ناپاڵم و، بەهۆیەوە زیاتر لە 51 هاووڵاتی شەهید بوون و، زیاتر لە  100 هاوڵاتی  برینداربوون، بۆردومانی 1974 سەرەتای كۆمەڵێك تاوانی یەك لە دوای یەك بوون دەرحەق بە خەڵكی بێ تاوانی هەڵەبجە.
 
وەک کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئەم یادە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین و، سەری ڕێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەھیدانی ئەو کارەساتە دادەنەوێنین، لێرەوە دەخوازین کورد و کوردستانیان چیدی نەبنە ئامانجی چەکە قەدەغەکراوەکان و کۆمەڵکوژ و جینۆساید و تاوانی نامرۆڤانە، چونکە کورد بە ئێستاشەوە زوڵمی زۆری لێدەکرێ و، تاوانەکان و ناھەقیەکان دەرھەق بە کورد و کوردستان بەردەوامیان ھەیە.
 
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

KDC

FREE
VIEW