- Advertisement -

خۆشەویستی لەنێوان دوو سەردەمدا


سەروەت تۆفیق

د. بوشرا کەسنەزانی) لە دیمانەیەکدا دەڵێ: “لە مەجنون دەپرسن بۆ وا ئاڵاوی لە لەیلاوە، ئەویش دەڵێ: لەیلا بۆ من کاسەیەکە شەرابی عەشقی تێدا نۆش دەکەم، تێدەگەم هەمووان چاویان لە(کاسەکەیە)، بەڵام من تەنها چاوم لە(شەرابەکەیە)، تەنانەت گەر ئەو کاسەیە مسێکی شکاویش بێ، گرنگ شەرابەکەی ناویەتی، کە عیشقێکی ئیلاهییە بۆ من.
مەولاناش خۆی بەراورد دەکات بە مەجنون بەو جۆرە کە شەمس بۆ ئەو کاسەیەکە عیشقی ئیلاهی تێدا نۆش کردووە”.
بێگومان جاران وا بوو، هیوا قادری شاعیر وتەنی: خۆشەویستی پێش ئەوەی ببێت بە ترپە و لەرزەکانی دڵ، وەرە لە چاواندا بۆی بگەڕێ.
جیا لە جوانبینی شاعیر، دەکرێ بڵێین چاو هێزی جوانی بۆ خۆشەویستی لە ئێستادا لاواز بووە، بەراورد بەهێزی بینینەنوێکانی نێو دنیای سەرمایەداری.
گەر عەشق دواسنووری خۆشەویستی بێ، واتە نەبینینی هیچ مەخلوقێکی دیکە، جگە لە ئیمپڕاتۆری یار، بەو مانایەی کە یار لە  هیچ شارو مەملەکەت و کون و قوژبنێکی ئەم جیهانەدا جێگرەوەی نییە، بەو دەلیلەی کە دڵی دڵدار خۆی پێشکەشی مەعشوقی کردووە.
سەرنج بدەن لە ڕابردوودا عیشق خەڵکی پێدەگەیاند لە بوارەکانی ئەدەبیات و هونەر بەگشتی و داهێنانیان لە دەقەکان و ئاوازەکاندا دەکرد و دەگەڕان بۆ جوانترین و دەگمەنترین و ناوازەترین و نوێترین وشە تا جەنابی یاری پێ وەسف بکەن و بارز و گەشاوەتری بکەن، مەگەر نالی چی بۆ حەبیبە نەنووسیوە، چونکە ڕۆح و دڵی لای دڵبەرەکەی بوو، شاکاریان دەخولقاند و کۆمەڵگەیان بۆ وتووێژی ئاستبەرز لەنێو تاکەکاندا ئاڕاستە دەکرد، نەک بیریان لای خزمەتی ئەکتیڤی پەیج و لایک و ڤیوو بێت. دەقی جوان هەرگیز پێویستی بە ڕێکلام نییە، کەس نییە هاوار بکاو بڵێ: وەرنەوە بۆ ئەڵماس و ئاڵتون.
جاران هەر کەواوکراسی یار شوێنی مەدح و سەنا نەبوو، بگرە عاشقە ڕاستەقینەکان خۆشترین بۆنەکانی ڕێحانەو گوڵیان تێکەڵ دەکرد و لە خۆیان دەدا، بۆ ئەوەی بەدرێژای ڕۆژ و شەو بۆنی یاریان لێ بێت، هەرئەوەش وای کردبوو کە یەک گوڵی جاران لە چەپکەگوڵێکی گەورەی بەمەرامەکانی ئێستا بەویقارتر دەرکەوێ. ئەمە قەناعەت نییە، بەڵکوو نرخدانانەکەی هەست و شعوورە کە ناکڕدرێت و نافرۆشرێت.
ئەحمەد هەردی شاعیر وتەنی:
گەرچی ئەیشێلی بەزەبری قۆندەرە و پێڵاوەکەت،
قەت بە دڵ ڕەق باست ناکەم نایزڕێنم ناوەکەت.
چونکە ئەیزانم تەلاری یارە خواپێداوەکەت
مەستی کردووی، بۆیە نابینێ لە ئاستم چاوەکەت

چیرۆکی پارە و پول هەبووە و تا دنیا بمێنێ هەر دەمێنێ کە خەڵکانێ وەک وەسیلە تەماشای ناکا و کردویانەتە ئامانج، لە ڕابردوودا زۆرینە موحیبەتی ڕاستەقینە و گرینگی پێدان و خۆشەویستی و ڕێزی دەویست، ئاخر خۆ لە واقعدا کەم نین ئەوانەی خۆش ناویسترێن و ئیهمالیش دەکرێن، لەوانەشە قسەی نابەجێیان پێ بوترێ و پێ وترابێ، جیا لە تەسکردنەوەی سنووری ئازادییان ئیدی ڕۆڵی پارە دیارە کە ئامانجەکە بووە، نەک وەسیلە.
بەختیار علی دەڵێ:
سەیر کە خۆشەویستی بەرەو چ دەریایەکی بردین،
عەشق سەختترە لە خەیاڵ،
عەشق سەختترە لە جەنگ
هەزاران نموونە هەیە هەفتەی جارێ، مانگی جارێ دڵدارەکان لە دوورەوە تەماشای یەکتریان بکردایە سوکنایییان دەهات بە دڵ و ڕۆحیاندا.
بۆیە نایەتەوە ئەو ڕۆژانەی کە بە دیار موزیک و ئاواز و گۆرانییەکی کوردی و فارسی و عەرەبییەوە جەنابی دڵ ئیلهامی وەردەگرت، بێ ئەوەی بۆ یەکجار بێزار ببێ لە ئاوازێکی هەزاران جار گوێگرتن لێی.
پێم وایە لێکۆڵینەوەی دەوێ، نەک قسەی نەخوێندەواری قەبە قەبە و گاڵتەوگەپ، جاران بۆ ساڵی جارێ بەڕێکەوت خۆشەویستەکەی نەدەبینی، کەچی بە چرکەش خیانەتی نە بە چاوی، نە بەرۆحی، نە بە هەستی، بگرە هەرگیز بیری نەدەکردەوە تەنیایە و شکۆمەند بوو بەوەی کە یادەوەری و وشە و نیگاکانی ئەو بەشی هەموو تەمەنی دەکا… هەرگیز بە خەیاڵیش ئارەزووی کەسێکی تری نەبوو. چ جای دەرفەتی کەسی دیکەی بدایە ئەوەی هەر لە خۆی حەرام کردبوو، ئاخر ئەو دڵی یەک پارچە یار بوو… یار پێگەکەی بە ملیۆنان خەڵکی زەنگین و جوانکیلە و چاوکاڵ و گۆنائاڵەکان و هەندێ لە پارەدارە ناسەغلەمەکان لەق نەدەبوو، بگرە پێکەنینی دەهات بە هەموو دڵدارەکانی زەمەنی خۆیشی، چونکە خودا ئەوی بە بڕوایەک گەیاندبوو کە هەرگیز خۆشەویستەکەی نە لەپێشدا هەبووە و نە لە ئایندەدا دروست دەبێتەوە بۆی. واتە ئەو ئینسانێکی عالی و باڵای وێناکرد بوو، ئەو وێنەیە نەدەشێوا بە هەزاران لۆمە و باسە نابەجێکان تا ساردی بکەنەوە، بگرە قەناعەتی نەدەگۆڕا تا دڵ بداتە کەسی دیکە.
کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر دەڵێ: “لەگەڵ تەنیایی دانیشت بۆ ئەوەی بە تەنها نەبێ لە شەقامەکاندا ڕۆیشتم جێگە پێکانتم خۆشەئەوێ”.
ئەم عاشقانە نیوە و بگرە زۆرترینیان بۆ یەک نەدەبوون، کەچی منافەسەی وەفا و جوانترین وشەکان بۆ یەکتری دەستیان پێ دەکرد، کێ زاتی ئەوەی دەکرد ڕابردووی هەرگیز نەدرکاویان ناشرین بکا، چ بە وشەیەک، یا بەحەق و ناحەق و خەتابارکردنی بەرامبەر نەبوو، هەمووی دەیوت تەنها خەتا خەتای خۆم بوو.
ئەوەشی کەمێک ئاهی مابوو بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی داستانە جوانەکەیان، ئەوا لە دڵ نەک هەر دەرنەدەکرا، بەڵکوو هەزاران بیانوویان بۆ خۆیان دەهێنایەوە تەنها بۆ ئەوەی یەکتری ون نەکەن، ئاخر دەیانزانی ئەم ژیانە پڕن لەوانەی کە دڵیان لەلای یەکێکە و جەستەشیان لای یەکێکی تر، دەیانزانی ئەم ژیانە پڕن لەوانەی کە ئازیزێکی تەمەنیان ون کردووە، ئێستا بۆ دیدارو چرپە و بۆنێکی ئامادەن وڵاتان ببڕن، کەچی نییە و نییە و نییە… دڵدار کە ون بوو، هەر وەک مازیار فایەقی شاعیر دەڵێ:

گەر لێیان پرسیت
تۆ خەڵکی کوێی؟
لە بیرت بێ، کە بۆمن کێی؟
لە بیرت بێ، کەچی ئەڵێی؟
باش بزانە
گەرچی لە من ونی
تۆ بە ئەسڵ خەڵکی شاری
دڵی منی
جیابوونەوەکان کەمتر بوون، ئاخر خۆیان نەیاندەهێشت زۆر لەلای یەکتری کاڵ ببنەوە هەزاران داوای لێبوردن و گوڵ ڕیز دەکرا بۆ دڵهێنانەوەی یارە تاقەنەکەی کە لەوانەیە دایک و باوکی هەزاران هەزارمان لەوانە بووبن. هیچ شتێ بەبێ قیمەت تەماشا نەدەکرا و سۆز و دەربڕینەکان بەهایان هەبوو.
بۆیە بەداخەوە ناتوانم لە هیچ ڕوویەکەوە باسی ئێستا بکەم. [لەوانەیە] پێچەوانەی ئەم قسانە بۆ ئێستا ڕاست دەربچن.

KDC

FREE
VIEW