- Advertisement -

لیۆن بەهار و خەڵاتی باشترین کۆمپۆزەری موزیک

ئاشتی گەرمیانی.. هۆڵەندا


لیون بەهار گەنجێکی ناسکی خونچە کراوەی ئەوبەری دەریای باکورە واتە ووڵاتی بەریتانیا ، بەڵام لە ڕەگەزی کوردستان نیشینیشە ، هەست و سۆزێکی جوان و خنجیلانەی دەریای هونەرو میوزیك و زانستی فلیم و دەرهێنان و کەسایەتیە مۆدێرنەکانی سەردەمە ، کە تەمەنی بیست و سێ ساڵانە و میوزیکژەنی ئامێری گیتارو پیانۆیە و پسپۆڕە لە داڕشتنی موزیك بۆ فلیم و کۆمپۆزەرەکەی ، وە لە شاری لەندەن نیشتەجێیە و باوکی هونەرمەند کەی بەهارە کە کوردێکی ڕەسەنی شاری کەرکوکی کوردستانە وە دایکی ئینگلیزە بەناوی جۆزی خەڵکی لەندەنە و هەر لەوێش دەژیت . هەر لە تەمەنێکی ناسکەوە بە دووساڵی لیون هەستی موزیکی تێدا بەدی دەکرا وە باوك و دایکی پاڵپشتی بوون لە خواستی زیاتر و بەدواچوون و پێگەیشتن وەکو موزیك ژەنێکی پرۆفێشناڵ . بۆ ئەم مەبەستە لە منداڵیەوە وانەی تایبەتی وەردەگرت لە فێربوونی گیتار ژەنین ، ئەمە جگە لە وانەکانی نێو قوتابخانەکەی و لەو دوایەشدا خوێندنی بەکالۆریوسی بە پلەی یەکەم لە زانکۆی لیدز کۆنسیرڤێتوا بۆ موزیك لەبەریتانیا تەواو کرد لەبەشی موزیك داڕشتن بۆ فلیم کۆمپۆزەر .
لیۆن بەهار یەکەم خەڵاتی بەدەستهێنا – خەڵاتی باشترین کۆمپۆزەری موزیک بۆ کورتە فیلم ئەنیمەیشن (زە سینس ئۆف زە ئپسینس) لە دەرهێنانی دووخانمی بەڕیتانی؛ سۆفی دایگ و تالیا سێلەرس، لە ئیندی هاوس فیلم فێستیڤاڵ بەرشەلۆنە، ئیسپانیا. جگە لەم فیلمە لیۆن بەهار موزیکی داڕشتوە بۆ شەش فیلمی تر، لەوانە دوانیان لە دەرهێنانی باوکیەتی، کەی بەهار، بۆ فیلمی (من لە کوی بووم؟) و فیلمی (سکاڵا)
لەپاڵ ئەمەشدا، لیۆن گۆرانی و ئاوازی تایبەت دەنوسێتەوە، بۆ ئێستا بە زمانی ئینگلیزی چونکە خواستی پێناسەی جیهانی هەیە و دەیەوێت هەواداری زۆری هەبێت، پێش بەوەی بە کوردیش گۆرانی بڵیت. هەر بۆ ئەم مەبەستە تاکو ئیستا شەش گۆرانی بڵاوکردۆتەوە لە پلاتفۆرمی سپۆتیفای، لەژێر ناونیشان (ڤاڤو و مەیک چەنیج)، هەموو لە ئاواز و دارشتن خۆی و دەیان نموونەی کارەکانی داناوە لە سەر سایتەکەی :
www.leonbahar.com
دوای تەواو خۆ-ڕاهێنان لە گیتار ژەنین لیۆن خووی وە بەهرەکانی دا بە پیانو و بە ماوەی چەند مانگێک ئاستی ژەنینی پیانۆی بەرز بووەوە. وەکو موزیکارێک، لیۆن شارەزایی لە پیانۆ ژەنین بە گرنگ دەزانێت بۆ کاری داڕشتن موزیک، بەتایبەت بۆ فیلم ، بێگومان هەموو حەزو ئارەزوویەك بەتایبەت لە نێو هونەردا ئەگەر ڕاهێنان و بەدواچوون و خوێندنەوەت بۆی هەبێت ئەوا بەرەو پیش دەچێت وە دەتوانیت داهاتوویەکی پرشنگدار بۆ خۆت و زمان و کەلتوورو نیشتیمانەکەت بەدەست بهێنیت ، هەروەها لیون دەڵیت زۆربەی کۆمپۆزەرە ناودارەکانی جیهان وەکو هانس زیمەر و جۆن ولیامس، بەهەمان شێوە کاردەکەن، پیشەکی لەسەر ئامێری پیانۆ موزیکەکە دادەڕژن و دوای بەوە دەکرێن بە ئۆرکێسترا. جگە لە پیانۆ ئێستا لیۆن خەریکی فێربوونی ژەنین ڤایۆلینە، و هیوای وایە لە ساڵانی داهاتوودا خۆی فێری چەند ئامیرێکی تریش بکات و هەروەها وەکو بەڕێوەبەری سیمفۆنیا و ئۆرکێسترا کاربکات وەکو کۆندەکتەر. ئەمە جگە لەوەی لیۆن خەونەکانی بەرزن بۆ موزیک دارشتن بۆ فیلم بە ئاستیکی بەناوبانگ و هیوای وایە لەناو کوردا کۆمپۆزەریکی ئاست جیهانیمان هەبیت .


شان بەشان موزیک بۆ چەندان ساڵ لیۆن وەکو ئەکتەر خوێندنی دڕامای خوێندوە لە خوێندنگای تایبەت، ستەیج کەوچ، و بوو بە ئەندام لە تیپی شانۆ-موزیکالی لاوانی زەنیس لە شاری باس بۆ ماوەی پێنج ساڵ چەندان شانۆگەریان پیشکەش کرد. ئەو کارانەی زیاتر خۆشەویستن لای لیۆن کە ڕۆڵی تێدابینیوە، (داماوەکان – لێمیزرابل)-ی ڤیکتۆر هوگۆ، و (ئۆلیڤەر)-ی چاڕلس دیکنس ) کە ڕۆلی فەیگەنی تێدا بینی بەئاستیکی زۆر سەرکەوتوو. ئێستاش هیوای لیۆن ئەوەیە کەوا بتوانێت گەلێک زیاتر موزیک داڕشتن بکات هەروەها بۆ دڕاما و فیلمی کوردی و کاربکات لە هەرێمی کوردستان لە گەڵ بەرهەمهێنەران و دەرهێنەرانی کورد ، بەپێ ی زانیاری من لیۆن بەهار یەکەم کوردە لە مێژوودا کە خەڵاتی باشترین داڕێژەری موزیک بەدەست دێنێت لە فیلم فێستیڤاڵێک وەکو کۆمپۆزەر .

KDC

FREE
VIEW