- Advertisement -

ئایا فرەژنی چارەسەری قەیرەبوونی کچان دەکات؟


م. هاوژین

وەک دەزانین لە هەریەک لەو کۆمەڵگایانەی مرۆڤ لەسەر زەوی بنیادی ناون، ژن و پیاو هەریەکەی بەجۆرێک دەوری خۆیان بینیوەو دەبینن بۆ بەرەوپێشچوون ومانەوەیان لە ژیاری کۆمەڵایەتیدا.
هەندێ لە کۆمەڵگاکان پشتیان بە ئایین بەسووەو هەندێکیشیان یاساو ڕێسای تایەبتی خۆیان هەبووەو هەیە تا لەسەری بڕۆن و بەردەوامی بە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان بدەن.

یەکێک لەو کۆمەڵگایانەی کە پشتی بە دین، بەستووە بەتایبەتی دینی اسلام، کۆمەڵگای کوردەواری یە. لەو ئایینەدا، پیاو دەتوانێ تا چوار هاوژینی هەبن و لەگەڵ هەموویاندا جوتبێ و منداڵی هەبن و ماڵ و زیندەگی هەبێت. لەناو هەموو خێزانەکانیشیدا هەرخۆی سەردەستەو گەورەی خێزانەکە بێت!

یەکێک لە بیانووەکانی کە بۆ ئەو جۆرە هاوسەرگیری یە دەبینرێتەوە، بابەتی قەیرەبوون و مانەوەی کچانە بەبێ هاوژین یاخود بێ مێرد.

ئەوەی دەمەوێ بڵێم ئەوەیە کە ئەو بیانوویە زۆر بێ مانایەو لاوازە و نەک کێشەی قەیرەیی چارەسەرناکات، بگرە کێشەکانی ژنان دووقات و سێ قات دەکات!
چۆن؟
بەوەی کە هەندێ لە ژنان قبوڵیان نی یە ژنیان بەسەربێت، بۆیە کاتی بڕیاری هێنانی ژنی دووەم لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە دەبیستن، ژنەکان جیادەبنەوەو بەوەش کۆمەڵێک منداڵ لەگەڵ دایکیان دەمێننەوە یان بێ دایک دەمێننەوەو لەکۆتاییدا بێ سۆزی یەکێک لە باوانیان دەبن.

خاڵێکیتر کە ئەو بیانووە بە ناپەسەند دەزانێت، بریتی یە لەوەی کە زۆربەی کات ئەوانەی هاوسەرگیری دووەم و سێیەم پێکدێنن، ناچن کچێکی گەڕاوەی بەتەمەن بخوازن، بەڵکو دەگەڕێن بەدوای کچێکی منداڵکاردا تا چێژی سێکسیی زیاتری لێ ببینن و لەهەمانکاتیشدا منداڵی زیاتریان لێیان هەبێت و تۆو توخماتیان بەردەوامبێت.
کەواتا، ئەوە هیچ قەیرەیی چارەسەرنەکرد بگرە زیادیکرد.

خاڵێکیتر، بەشێک لە کچانی قەیرە کە تا ئێستا شوویاننەکردووە، بەهەر بیانوویەک بێت، نایانەوێ ببنە هاوسەری دووەم یان سێیەم یان چوارەمی پیاوێک تەنها بۆئەوەی مێردیان هەبێت، جا لەبەر هەر هۆیەک بێت. بۆیە هەروا دەمێننەوە بەڵام سەربەهەوێ شوناکەن.

لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین: کە قەیرەیی هەرگیز بە هێنانی چوار چوار بۆ پیاوێک هەرگیز چارەسەرنابێت، بگرە خەم و ئازار و کێشە چینایەتی یەکان و کێشە کۆمەڵایەتی یەکان قوڵتردەکاتەوەو لەکۆتاییدا هەر بە زەرەری ژن و پیاو و منداڵ و تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگا کۆتایی دێت.

KDC

FREE
VIEW