- Advertisement -

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەسەر هێرشی تورکە ڕەگەزپەرستەکان هاتە دەنگ 


کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ، لەسەر هێرشی تورکە ڕەگەز پەرستەکان بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتیی بڵاو کردۆتەوە، کە تێیدا هەموو جۆرە توندوتیژیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ڕەت دەکاتەوە، جەخت دەکاتەوە لەسەر خەبات و چالاکی ئاشتییانە و دیموکراتی و مۆدێرن.
 
دەقی راگەیاندراوەکە:

هێرشی ڕەگەزپەرستانە بۆ سەر کوردانی بەلجیکا قبووڵ ناکرێت

لە 2024-03-25 کۆمەڵێک گەنجی کورد بەئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردیەوە و بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لەسەر شەقامەکانی  ( لۆڤن ) خۆپێشاندانیان کرد. هەر ئەوەش بوو بەهۆکاری ئەوەی کە تورکە نەژادپەرستەکان هێرش بکەنە سەر خێزانێکی کورد و لەو هێرشەدا پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندبوون، تەنانەت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە توندڕەویەکانی تورک پۆلیس پارێزگاری ئەو ماڵەی کردووە. ئەو ڕووداوە لە شاری (لۆڤن )ەوە گواستراوەتەوە بۆ شارەکانی هاسل و برۆکسل و چەند ڕۆژێکیشە هێرشەکانی ئەو گرووپە نەژادپەرستانە بەردەوامن و لەئاکامی ئەو هێرشانەشدا دوو ئەندامی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە برۆکسل بریندار بوون .
لە کاتێکدا کە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی هەموو جۆرە توندوتیژیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ڕەت دەکاتەوە، جەخت دەکاتەوە لەسەر خەبات و چالاکی ئاشتییانە و دیموکراتی و مۆدێرن.
گومان لەوەدا نییە کە ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز مافێکی ڕەوای گەلەکەمانە و هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئەو ئاهەنگە بکات .
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەتوندی ئەو هێرشە توندئاژۆیانە ڕیسوا و شەرمەزار دەکات و هێرشی لەو جۆرەش لەپایتەختی ئەورووپا جێگای قبووڵکردن نییە. داواش لە ڕەوەندی کوردی بەلجیکا دەکەین کە بەڕەچاوکردنی یاسا و ڕێسا بەرکارەکانی ئەو وڵاتە دژ بەو هێرشە ڕەگەزپەرست و نەژادپەرستانە هەڵوێست وەربگرن و ڕەچاوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە بکەن، و خۆیان لە بەکارهێنانی توند و تیژی بە دوور بگرن، چونکە هێرشکردنە سەر دوکان و تێکدانی سیمای شارەکە، لەبەرژەوەندی دۆزی کوردا نییە و خزمەت بە نەژادپەرستان دەکات .
گەلی کورد وەک هەر نەتەوەیەکی ئەو دونیایە ، مافی ئەوەی هەیە کە ئاهەنگەکانی نەتەوەیی و ئایینی خۆی بەجلوبەرگی کوردی پیرۆز بکات ، کورد هەردەم ئاشتیخوازبووە و داواش لە خێزانە تورکەکان دەکەین کە چیتر منداڵەکانیان لەسەر توند و تیژی و دژایەتی کردنی نەتەوەکانی تر ڕا نەهێنن، و واز لە میتودی سڕینەوەی کورد بهێنن، چونکە هەرگیز بوونی کورد نەسڕاوەتەوە و ناشسڕێتەوە.
 
لە کۆتاییدا داوا لە وڵاتی بەلجیکا دەکەین کە لەڕێگای دەزگا ئەمنیەکانییەوە ڕێگری لەهەموو جۆرە توند و تیژیەک بکەن و سەروماڵی کوردستانیان بپارێزن و کار بکەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر کوردستانیان و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە و سزایان بدەن .
 
بژیت کورد، بژیت کوردستان
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
2024-03-26

KDC

FREE
VIEW